پرس میدیا
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی ئاشکرای کردووە دەزگای هەواڵگری موساد لە ناو تارانی پایتەختی ئێران ئۆپراسیۆنێکی هەواڵگری دژی بەرپرسێکی قاعیدە بەسەرکەوتوویی ئەنجام داوە بەڵام حکوومەتی ئێران زانیارییەکان ڕەتدەکاتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژانامەکە کە لە چەند بەرپرسێکی هەواڵگری واشنتۆنەوە وەریگرتووە، لە حەوتی ئاب-دا بەرپرسێکی گەورەی ئەلقاعیدە بە ناوی عەبدوڵڵا ئەحمەد عەبدوڵڵا کە خەڵکی میسر-ە و بەرپرسیارە لە تەقاندنەوەی دوو باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە وڵاتانی کینیا و تەنزانیا لە ساڵی ١٩٩٨دا، لەلایەن دوو سیخوڕی ئیسرائیلییەوە لە تاران دەستڕێژی گوللـەی لێکراوە کوژراوە.
بەپێی زانیارییەکانی نیۆیۆرک تامیز لە ئۆپراسیۆنەکەدا عەبدوڵڵا و مریەم-ی کچی کە هاوسەری حەمزەی کوڕی ئوسامە بن لادن بووە، گیانیان لەدەستداوە.
لە بەرامبەردا بەرپرسانی تاران ئەم دەنگۆیانە رەتدەکەنەوە و لەو بارەیەوە سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
خەتیبزادە جەختی لەوە کردوەتەوە کە لە ئێران هیچ ئەندامێکی ئەلقاعیدە نییە و بانگەشەی بەرپرسەکانی واشنتۆن-ی بە "سیناریۆی هۆڵیوود" ناوبرد.
وێڕای رەتکردنەوەکانی بەرپرسانی ئێران، بەڵام کەناڵی فەرمی ئەو وڵاتە لە هەشتی ئابدا هەواڵی کوژرانی باوک و کچێکی بەڕەگەز لوبنان-ی لە تاران لە ئەنجامی دەستڕێژی گوللـەی ماتۆڕسوارێکەوە بڵاوکردەوە کە پێدەچێت عەبدوڵڵا و مریەم-ی کچی بن.
No comments:
Post a Comment