پرس میدیا
ژمارەیەک کاسبکاری شاری کەرکووک بە دەستپێشخەری "گرووپی شەقام" لەبەردەم بینای پارێزگای شارەکە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان دژبە بەرزکردنەوەی بەھای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەربە دیناری عێراقی ئەنجامدا.
لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا محەمەد جەلیل رێکخەری گردبوونەوەکە،رایگەیاند "وەزارەتی دارایی عێراق و بانکی ناوەندی بەبێ پلان نرخی دۆلاری ئەمریکیان لەبەرامبەر دیناری عێراقی بەرزکردەوە و ئەمە کاریگەری خراپی خستۆتە سەر ژیانی ھاووڵاتییان و فەرمانبەرانی عێراق."
رێکخەری گردبوونەوەکە وتی "ئەرکی حکوومەتە بەدوای میکانیزمی دیکەدا بگەڕێت بۆ ئەوەی سوودی زیاتر و زیانی کەمتر بە ھاووڵاتییان بگەیەنێت، ھەروەھا دەستبردن بۆ خاڵیکردنی گیرفانی ھاووڵاتییان".
محەمەد جەلیل وتیشی: "بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتانە دەبێت رێگایەک بگیرێتەبەر کە زیان بە گوزەرانی ھاووڵاتییان نەگەیەنێت و توێژی ھەژاران باجەکەی نەدەن بۆیە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین لە ئاست بەرپرسیارێتی بن و ھەستیارانە مامەڵە لەگەل ئەم دۆخەدا بکەن و ئەرکی حکوومەتە ژیانێکی شایستە بۆ ھاووڵاتییانی فەراھەم بکات".
باسی لەوەشکرد کە "ناکرێت دەست بۆ قوتی ھاووڵاتییان ببرێت و ھاووڵاتیان ببنە قوربانیی ئیدارەدانی خراپ. بۆیە بەدوای دەرچەیەکی واقعی بۆ ئەم دۆخە بگەڕێن و پێویستە ھەمو ھێز و لایەنە سیاسیەکان ھەماھەنگ بن بۆ پاڵپشتیکردنی بژاردەی نوێ لە پێناو تێپەڕبوون لەم دۆخە".
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق