پرس میدیا
وەزارەتئ ناوخۆی حکوومەتی هەرێم ڕایگەیاند بەدواداچوونیان بۆ دامەزراندنی هێزێکی کوردیی سەر بە حەشدی شەعبی کردووە و بەرپرسانی حەشد پێیان ڕاگەیاندوون هیچ هێزێکی لەوشێوەیە دانەمەزراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێم ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی پێکهێنانی هێزێکی کوردیی سەر بە حەشدی شەعبی لە ناوچە کوردستانییەکان بڵاوکردەوە.
دەقی راگەیێندراوەکە وەزارەتی ناوخۆ
ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە
لە بارەی بڵابوونەوەی هەواڵێك لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن سەبارەت بە دروستكردنی هێزێكی چەكداری كورد لە پارێزگای كەركووك كە سەر بە حەشدی شەعبی بێت، بە ڕای گشتی ڕادەگەیەنین كە پاش بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە پەیوەندیمان بە سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی كردووە بۆ بە دواداچوونی بابەتەكە.
لە وەڵامی بەدواداچوونی ئێمەدا، دەستەی حەشدی شەعبی دووپاتی کردەوە كە هیچ هێزێكی سەر بە حەشدی شەعبی بۆ كوردستانیان لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان دروست ناكرێت و ئەوان ئاگاداری دروستبوونی هیچ هێزێكی لەو شێوەیە نین لە پارێزگای كەركووک و لە لایەن خۆشیانەوە بەدواداچوون بۆ بابەتەكە دەكەن وئەگەر هیچ هەنگاوێكێش هاوێژرابێت بۆ دروستكردنی ئەو جۆرە هێزە، ئەوا لە لایەن سەرۆكایەتی دەستەكەیانەوە کاردەکرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی.
وەزارەتی ناوخۆی
حكومەتی هەرێمی كوردستان
هەولێر
13/12/2020
No comments:
Post a comment