پرس میدیا
سوپای عێراق رەتیکردەوە کە بەندکراوان لە یەکێک لە گرتووخانەکانی ھەرێمی کوردستان ھەڵاتبن و رایگەیاند ئەو دەنگۆیەی کە لەوبارەوە بڵاوکراوەتەوە، دوورە لە راستییەوە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق راگەیەنراوێکی سەبارەت بە دەنگۆی ھەڵاتنی بەندکراوان لە یەکێک لە گرتووخانەکانی ھەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە "لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، گرتەیەکی ڤیدیۆیی لەگەڵ کۆمێنتێکدا بڵاوکراوەتەوە کە گوایە ئەوە کاتی ھەڵاتنی بەندکراوانە لە یەکێک لە گرتووخانەکانی ھەرێمی کوردستان".
هەروەها هاتووە"لە کاتێکدا سەرلەبەری ئەو ھەواڵە رەت دەکەینەوە، ھەروەھا داوا لە ھەمووان دەکەین کە لە گواستنەوە و بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست ئاگاداربن کە ژمارەیەک لایەن بە مەرامی شڵەژاندنی رای گشتیی و نەمانی متمانە بە ھێزە ئەمنییەکان، بڵاوی دەکەنەوە".
لە راگەیەنراوەکەدا هەروەها جەختکراوەتەوە لەسەر ئەوەی کە لە گواستنەوە و بڵاوکردنەوەی ھەواڵە ئەمنییەکان پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان، ببەسترێت.
No comments:
Post a comment