ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣ی تشرینی ٢٠٢٠، ئاژانسی بۆشاییگەری نیشتمانیی چینی رایگەیاند، کەشتیی "شانگی ٥" کە رەوانەی سەر مانگی کردبوو پرۆسەی کۆکردنەوەی نموونەکانی لەسەر رووی مانگ لە ناوچەیەکی نەدۆزراو تەواوکرد و، ئامادەکاری دەکات بۆ گەڕانەوە بۆ سەر زەوی.
بەپێی ئەو پلانەی دانراوە، "شانگی 5" رۆژی سێشەممەی رابردوو دوای نیشتنەوەی لەسەر رووی مانگ لە کۆنتێنەری تایبەتدا نموونەکانی هەڵگرت، ئاژانسەکە جەختی کردەوە، "پرۆسەی هەڵکۆڵێنەکە بەپێی ئەو پلانە دانراوە بەڕێوەچوو".
ئەو کەشتییە بۆشاییگەرییە چینییە نموونەی لە تۆز و بەردی مانگ کە کێشیان دەگاتە 2 کیلۆگرام کۆکردەوە و، هەڵکۆڵێنەکە گەیشتە قووڵایی نزیکەی 2 مەتر، ئەم نموونانە دوای شیکردنەوەی یارمەتی زانایان بدات کە باشتر لە مێژووی مانگ تێبگەن.
بەگوێرەی ئاژانسی "فڕانس پرێس"، پێشبینی دەکرێت ئەم نموونانە بەر لە ناوەڕاستی ئەم مانگە بگاتەوە سەر زەوی لە ناوچەی مەنگۆلیا لە باکووری چین شیکردنەوەیان بۆ بکرێت.
ئەگەر کەشتییەکە بە نموونەکانەوە بگاتەوە سەر زەوی ئەوە چین دەبێتە سێیەم وڵات لە دوای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەتەوە کە ئەم دەستکەوتە ئەنجام بدات. دوایین جار کە ئەم هەوڵە بەسەرکەوتوویی ئەنجامدرا لەلایەن یەکێتیی سۆڤیەتەوە بوو ئەویش لە ساڵی ١٩٧٦ بوو.
Like
Comment
Share
No comments:
Post a Comment