پرس میدیا
وتەبێژی هاوپەیمانیی نیشتیمانی رایگەیاند بارودۆخی هاولاتیان بەگشتی و مووچەخۆر و فەرمانبەران بەتایبەتی لەدۆخێكی خراپ ومەترسیداردایە پێویستە حكومەت ودەسەلاتداران لەبیری چارەسەری خێرا و بەپەلەی دۆخەكەدابن كە ئەوە ئەركی سەرەكی ئەوانە.
سەرگوڵ قەرەداغی وتەبێژی هاوپەیمانی نیشتیمانی دەربارەی خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی شاری سلێمانی ڕایگەیاند خۆپیشاندان ودەربڕینی ناڕەزایی بۆداواكردنی ماف وخزمەتگوزاریە سەرەتاییەكان و دژایەتیکردنی ستەم و نادادی مافێکی سادە و ئاسایی هاوڵاتییانە و لە سیماکانی حكومڕانی دروستە و بنەمایەکی سەرەکیی دیموكراسییە.
وتەبێژی هاوپەیمانی نیشتیمانی وتی پێویستە ڕێز لە داواکاری خەڵک بگیرێت وبەشێوازی مەدەنی وەلام بدرێتەوە نەوەك بەتوندوتیژی و سەرکوتکردن.
سەرگوڵ قەرەداغی باسی لەوەشکرد "هێزە ئەمنییەكانیش هاوشێوەی فەرمانبەران ئەوانیش بێ موچە وگیرفان بەتاڵن، بۆیە دەبوو ئەوانیش لەبری بەگژاچوونەوە و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران، لە ڕێزی خەلكی ناڕازیدابن و داوای مافی خۆیان بكەن."
وتەبێژەکەی هاوپەیمانیی نیشتیمانی وتی "ئێمە پشتگیری داواكاری خۆپیشاندەران دەكەین وداواكارین هەرچی زووترە دەستگیركراوەکان ئازادبكرێن و حكومەت گوێ لەداوای ڕەوای هاوڵاتیان بگرێت و لەو ڕاستییە تێبگات کە باری ژیان و گوزەرانی خەڵک بەڕادەیەک خراپ بووە کە لە تاقەت و توانادا نەماوە و بیری جددی لە چارەسەر بکاتەوە، تا وەکو بارودۆخەکە لەمە خراپترنەبووە و ناو و ناوبانگی هەرێم لەمەزیاتر لەكەدارنەبێت."
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ بۆ دووەم ڕۆژ خۆپیشاندانی فراوانی هاوڵاتیان لەشاری سلێمانی بەڕێوەچوو، هێزە ئەمنییەکانیش بۆ بڵاوەپێکردنیان گوللـەی پلاستیکی و گازی فرمێسک رێژیان بەکارهێنا
No comments:
Post a comment