ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق داوایکرد کە پارێزبەندی لەسەر خالید عوبێدی ئەندامی خولی ئێستای ئەنجوومەنی نوێنەران و وەزیری بەرگریی پێشووتری عێراق، ھەڵگبرێت بۆ ئەوەی بتواندرێت لێکۆڵینەوەکان لەسەر دۆسیەی گەندەڵی لەگەڵیدا تەواو بکرێت.
دۆسیەکەی وەزیری بەرگری پەیوەندی بەو فڕۆکەیەوە هەیە کەچەکی لە چیکەوە بۆ بەغدا گواستبوویەوە، لە تشرینی دووەمی ٢٠١٤دا دەسەڵاتدارانی عێراق لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، دەستیان بەسەر ٤٠ تۆنی چەکی سووک و مامناوەندا گرتبوو کە لەناو فڕۆکەیەکدا دابوون و لە کۆماری چیک-ەوە رەوانەکرابوون.
ئەوەیش دوای ئەوەی، تیمەکانی ئەو فڕۆکەیە بە دەسەڵاتدارانی عێراقیان راگەیاندبوو، دەیانەوێت فڕۆکەیەکیان کە جگەرەی ھەڵگرتووە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بنشێتەوە بۆ ئەوەی سووتەمەنی پڕبکات، بەڵام دوای پشکنینی دەرکەوت، فڕۆکەکە چەکی سووک و مامناوەندی ھەڵگرتووە.
لە بەڵگەنامەکەدا ئاماژە بەوەدراوە کە دادگای تێھەڵچوونەوەی کەرخ لێکۆڵینەوە لەو دۆسیە دەکات و ھاتووە:"دادگای تێھەڵچوونەوەی کەرخ داوای لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات کە پارێزبەندی لەسەر تۆمەتبار خالید عوبێدی ھەڵبگرێت بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئەو دۆسیەیە لەگەڵیدا تەواو بکرێت".
تا ئێستا ھیچ روونکردنەوە و زانیارییەک لەوبارەیەوە لەلایەن خالید عوبێدی-یەوە بڵاونەکراوەتەوە، ئەو رووداوە بۆ سەردەمی حکوومەتی پێشووتری عێراق بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی دەگەڕێتەوە کە ئەو کات خالید عوبێدی وەزیری بەرگریی بوو.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق