بەیانی ئەمڕۆ شاندێکی باڵای ئێران بە سەرۆکایەتی رەزا ئەردەکانیان وەزیری وزەی ئێران، گەیشتە بەغدا و لەگەڵ ماجد مەھدی حەنتوش وەزیری کارەبای عێراق حەنتوش کۆبوویەوە.
میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە کە کۆبوونەوەکەی نێوان رەزا ئەردکانیان و ماجد مەھدی حەنتوش لە یەکێک لە ھۆڵەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بە داخراوی ئەنجامدراوە.
ھاوکات ئاژانسی ھەواڵیی ئێران "ئیرنا" بڵاویکردەوە کە لە کۆبوونەوەکەی نێوان وەزیری وزەی ئێران، رەزا ئەردکانیان و وەزیری کارەبای عێراق، ماجد مەھدی حەنتوش پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ھەردوو وڵات تاوتوێکراوە و سەبارەت بە پرسەکانی کارەبا و غازیش گفتوگۆکراوە.
چاوەڕوان دەکرێت وەزیری وزەی ئێران، رەزا ئەردکانیان لە چوارچێوەی سەردانەکەیەدا بۆ بەغدا بە جیا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی و وەزیری بازرگانی و سەرۆکی بانکی ناوەندیی عێراق کۆببێتەوە.
دوێنێ دووشەممە وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، ئەحمەد موسا رایگەیاندبوو کە ئەمڕۆ سێشەممە، وەزیری وزەی ئێران، رەزا ئەردکانیان سەردانی بەغدا دەکات و لە میانیدا پرسەکانی غاز، قەرزە کەڵەکەبووەکانی ئێران لەسەر عێراق لەگەڵ بەرپرسانی عێراق تاوتوێ دەکات.
ئەحمەد موسا ئاشکراشیکردبوو کە قەرزە کەڵەکەبووەکانی ئێران لەسەر عێراق، گەیشتووەتە دوو ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق