پرس میدیا
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر ڕایگەیاند، ھەفتەی داھاتوو دەست بە رێكارەكانی دیارییكردنی پارێزگاری نوێ دەكرێت، كە پشكی پارتی دیموكراتی كوردستانە.
عەلی ڕەشید سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە میدیای حیزبەکەی وتووە، "ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكایەتیی ھەرێم و پارتیش، بڕیار لەسەر كاندیدكردنی كەسێك بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری هەولێر دەدەن، چونكە ئەو پۆستە پشكی پارتی دیموكراتی كوردستانە و ھەر كاتێك گەیشتە دەستمان، ئێمەش رێكارەكان دەگرینە بەر بۆ دیارییكردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ ھەولێر و ھەر كاندیدێكیش لیستی پارتی پشتگیری نەكات، دەرناچێت، بۆیە چاوەڕێی كاندیدی ئەوان دەكەین".
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر وتیشی: "لە ئێستادا بۆشایی ئیدارییمان نییە و جێگری پارێزگار (ھێمن قادر) بە وەكالەت پۆستەكە بەڕێوە دەبات و ھەموو دەسەڵاتێكی ھەیە و ھیچ گرفتێكی ئیداری و یاساییمان نییە".
وتیشی: "ھەولێر پایتەختە و بە ھۆی چلەی خوالێخۆشبوو دكتۆر (فرسەت سۆفی) دیاریكردنی پارێزگاری نوێ دواكەوتووە و دوای تەواوبوونی چلە، كە ھەفتەی داھاتووە، دەست بە گرتنەبەری رێكارەكان دەكرێت بۆ دیاریكردنی پارێزگارێكی نوێ".
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق