پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند "ئەمساڵ جگە لە تاوانی کوشتن سەرجەم تاوانەکانی دیکە بەراورد بە ساڵی رابردوو کەمیان کردووە.
سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند ساڵی رابردوو، ٥٩ حاڵەتی کوشتن تۆمارکراوە و لەمساڵدا ژمارەکە دابەزیوە بۆ ٥٦ حاڵەت".
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا ئامارەکانی ساڵی ٢٠٢٠ی لە رووی ئەنجامدانی تاوان و دەستگیرکردنەوە ئاشکرا کرد.
بەپێی ئامارەکانی پۆلیسی سلێمانی لە ئەمساڵدا، ١٨٤ حاڵەتی تەزویرکردن تۆمارکراوە و ساڵی رابردوو، ٣٢٢ حاڵەتی تەزویر لە سلێمانی هەبووە، حاڵەتەکانی لێدان و شەڕکردن لەمساڵدا، هەزار و ٢٠٠ بووە و ساڵی رابردوو، هەزار و ٩٠٥ حاڵەت تۆمارکراوە.
وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند لەمساڵدا، ٩٩٥ حاڵەتی هەڕەشەکردن تۆمارکراوە لەکاتێکدا لەساڵی رابردوودا ئەو ئامارە، هەزار و ٢١٨ حاڵەت بووە، ئەمساڵ ٥٩١ رووداوی فێڵکردن و ساڵی رابردوو، ٨٤١ حاڵەت تۆمارکراوە.
سەرکەوت ئەحمەد رایگەیاند کۆی گشتیی لە ساڵی ٢٠٢٠دا، حەوت هەزار و ١١٠ تۆمەتبار دەستگیرکراون، بەشێکیان دادگاییکراون و سزایان بەسەردا سەپێنراوە بەشێکیشیان بە کەفالەت ئازادکراون.
سەرکەوت ئەحمەد لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا وتی: ''لە ٢٠١٩دا، دوو هەزار و ١٤٥ حاڵەتی دزیکردن تۆمارکراوە لەبەرامبەردا، ئەمساڵ هەزار و ٥٢٠ حاڵەتی دزیکردن تۆمارکراوە".
No comments:
Post a Comment