پرس میدیا
سوپای عێراق رایگەیاند کە جێبەجێکردنی پلانی بڵاوکردنەوەی ھێزە ئەمنییەکان لە سەنتەری قەزای شنگال رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا دەستی پێکردووە.
لەمبارەیەوە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە کە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژئاوای نەینەوا، دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی پلانی بڵاوکردنەوەی ھێزە ئەمنییەکان لە سەنتەری قەزای شنگال.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە"لە چوارچێوەی پلانەکەدا، دووبارە دابەشکردنی یەکەکان و بەرپرسیارییەتی ھێزە ئەمنییەکان بە ئامانجی بەدیھێنانی ئاسایش و سەقامگیری و رەخساندنی کەشێکی گونجاو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان لە شنگال دیارییکراوە".
لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا دەڵیت"ھێزە ئەمنییەکان بەردەوام دەبن لە گرتنەبەری رێوشوێنەکان تا ئەو کاتەی بەتەواوی ئاسایش و سەقامگیری لە قەزای شنگال و یەکە کارگێرییەکانی بەدی دێت".
ئەمەش دوای ئەوە دێت پێشتر ھێزە عێراقییەکان تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممەیان وەک دوا مۆلەت دابوو بە چەکدارە نایاساییەکان تا تەواوی بارەگاکانیان لە شنگال چۆل بکەن.
بەپێی زانیارییەکان، تا ئێستا ھەشت بنکەی هێزەکانی یەبەشە چۆل کراون کە دووانیان لە سەنتەری شاری شنگال بوون و رادەستی ھێزەکانی عێراق کراونەتەوە.
بڕیار بوو ھەفتەی رابردوو دەست بە ئۆپەراسیونێکی ھاوبەشی سوپای عێراق و پۆلیسی فیدراڵ بکرێت، بەڵام ئوپەراسیۆنی پاککردنەوەی شنگال لە چەکدارەکان بۆ ماوەی چەند رۆژێک راگیرا و ئەو چەند رۆژەیش وەک دەرفەتێک بەو ھێز و چەکدارانە دراوە بۆ ئەوەی شنگال چۆل بکەن یا چەکەکانیان دابنێن.
No comments:
Post a comment