پرس میدیا
لەبەرامبەر ئەوھەوڵانەی کەدەدرێت بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخە لەعێراقدا،بەشێک لەلایەنەکانی کەرکوک لەھەوڵی ئەوەدان کەپرسیار بخەنەسەر تەواوی پڕۆسەکە بۆیە لایەنەکانی کەرکوک داوایەکیان ئاڕاستەی ھەرسێ سەرۆکایەتییەکەو کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان و چەند ڕێکخراوێک کرد
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
بەڕێزان:
- فەخامەتی سەرۆک کۆماری عیراق
- دەوڵەمەتدار سەرەک وەزیرانی عیراق
- جەنابی سەرۆکی پەرلەمانی عیراق
- کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان
- داواکاری گشتیی و لایەنە پەیوەندیدارەکان
- نوێنەری U.N لە کەرکوک
سڵاوێکی گەرم..!
لە کاتێکدا پەرلەمانی عیراق و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، گەیشتوون بەو بڕیارەی کە لە مانگی 6ی 2021دا پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق ئەنجام بدرێ (بەشێک لە حزب و لایەنە عەرەبی و تروکمانییەکانی کەرکوک) کە ناسنامەکانیان ئاشکرایە بۆ خەڵکی کەرکوک و عیراق، لە بەیاننامەیەکدا؛ هێرشێکی ناڕەوا و توندیان بەرامبەر بە (دەزگایەکی دەستوری و یاسایی) دەست پێکردووە بە ئامانجی (ناوزڕاندن و ترس و گومان!) لە ئەنجامی پێشوەختەی هەڵبژاردنەکان و، لەو رووەوە پێکهاتەیەکی دیاریکراویان کردووەتە ئامانجە ناڕەواکانیان!
بۆیە لێرەوە رایدەگەیەنیین:
یەکەم: داوا لە پەرلەمانی عیراق و داواکاری گشتیی دەکەین؛ بە پەلە رێوشوێنی دەستوری و یاسایی دژی ئەم تۆمەت و ناوزڕاندنە بگرنەبەر و، تۆمەتچییەکان رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە و، هەروەها تیمی پارێزەرانیش رادەسپێرین بۆ ئەوەی رێو شوێنی یاسایی بەرامبەریان بگیرێتەبەر.
دووەم: وای دەبینین هەڵوێستی ئەو لایەنانە، سەرەتایەکی مەترسیدارە بە ئاراستەی سەرهەڵدانی فیتنە و ئاژاوە لە پارێزگاکەدا و، لە هەر رووداوێک کە لە داهاتوو روو بدات لێی بەرپرسیار نیین.
سێیەم: دووبارە جەخت لەوە دەکەینەوە؛ کە بە پێی (ئیستحقاقی هەڵبژاردن) پۆستە ئیداری و ئەمنییەکانی کەرکوک پێداچوونەوەی پێدا بکرێ و چیتر (حزب و لایەنە کوردستانییەکانی کەرکوک) وەکو بەراوەی هەڵبژاردنەکان پەراوێز نەخرێن.
چوارەم: هەڵوێستی ئەو لایەنانە دژی دستور و یاسا کارپێکراوەکانە و هەروەها (ترس و گومان)یشە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی هەڵبژاردن، چونکە ترسی ئەوەیان هەیە (قەبارەی راستەقینەیان) بۆ شەقامی کەرکوک دەرکەوێ
پێنجەم: ئێمە وەکو حزب و لایەنە کوردستانییەکان تەئکید لە پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان دەکەینەوە و دوادەکەین: رێگە لە هەر ئاژاوە بگیرێت کە هەندێک لایەنی دیاریکراو دیانەوێ بیگرنەبەر بە ئاراستەی تێکدانی ئەو برایەتی و پێکەوە ژیانەی کە سەدان ساڵە لەم پارێزگایەدا بوونی هەیە.
حزب و لایەنە کوردستانییەکانی کەرکوک
30-12-2020
No comments:
Post a Comment