پرس میدیا
دادوەری راسپێردراوی عێراقی بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی کوژرانی جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو موھەندیس ئاشكرایكرد، دەرکردنی بڕیاری دەستگیرکردن بۆ سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لەسەر ئەو کەیسە، دوای تەواوبوونی رێوشوێنە یاساییەکان بووە و بڕیارێکی عێراقی بووە.
ئەو لێدوانەی دادوەری راسپێردراوی عێراقی بۆ بەدواداچوونی دۆسیەكه، كه ناوی بڵاونهكراوهتهوه، دوای ئەوە دێت کە ئێران رایگەیاندبوو بە ھەوڵی ئەوان ئەو بڕیاره دەرچووە.
دادوەرەکە لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ ناوەندی راگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی، رایگەیاندووە: "بریاری دەستگیرکردنی ترەمپ لەسەر بنەمای ماددەی ٤٠٦ بووە لە یاسای سزادانی عێراقی دوای تۆمەتبارکردنی بە کوشتنی ئەبو مەھدی موھەندیس و ھاورێکانی".
دادوەرەکە روونیکردووەتەوە،"فەرمانەکە دوای تەواوکردنی رێوشوێنەکانی لێکۆڵینەوەی تەواوەتی و کۆکردنەوەی بەڵگەکان و گوێگرتن لە وتەی شایەتحاڵەکان و سکاڵاکاران بووه لەلایەن دادگاوە".
بە گوتەی دادوەرەکە، بەداواداچوونی نوێنەری یاسایی باڵیۆزخانەی ئیران لە عێراق تایبەت بووە بە مافی کەسی ئەو ئێرانییانەی لە رووداوەکەدا بوونە قوربانی بەمەبەستی زانینی رێکارەکان بووە لەلایەن دادگاوە لەمبارەیەوە.
دادوەرهکە ههروهها روونیکردووەتەوە، داواکارانی مافی کەسیی و بریکارەکانیان تۆمەتەکەیان ئاراستەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ کرد لەگەڵ رۆڵی ئەو لە ئەنجامدانی ئەو کارە، ئەمەش پشت بەست بووە بە لێدوانەکانی لە دەزگاکانی راگەیاندنەوە.
دادوەرەکە دەڵێت، دادگا وەک کەیسێکی تاوانکاری کە لەسەر خاکی عێراق روویداوە سەیری دۆسیەکەی کردووە و دوای نزیکەی ساڵێک کارکردن و بەداواداچوون لە دۆسیەکە و لەسەر بنەمای یاسا عێراقییهكان بڕیارەکە دراوە.
دوێنێ چوارشەممە، وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف رایگەیاند، بڕیاری دەستگیرکردنی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ کە لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراقەوە دەرکراوە، لەڕێگەی بەدواداچوونی وەزارەتی دەرەوەی ئێران و ئاژانسەکانی دیکەی ئەو وڵاتهوه بووه.
لە سێی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠دا، لە ئاکامی ھێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکادا، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو مەھدی موھەندیس و فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، قاسم سولەیمانی لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کوژران.
No comments:
Post a comment