پرس میدیا
خۆییشاندەرانی ناسرییە ھۆشداری ئەوەیان دا لەوەی، ئەگەر دەسەڵاتدارانی عێراق، خۆپیشاندەره دەستگیرکراوەکان ئازادنەکەن و ھەڵمەتەکانی راوەدوونانی چالاکوانانی خۆپیشاندانەکان رانەگرن، ئەوا بازنەی ناڕەزایەتییەکان فراوان دەکەن.
دوای ئەوەی رۆژی سێشەممەی ھەفتەی رابردوو، چالاکوانێکی خۆپیشاندانەکان بە ناوی ئیحسان ھیلالی کە داوای ئەنجامدانی خۆپیشاندانی دژبە بە حکوومەت کردبوو لە لایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا، لە رۆژی ھەینی رابردووە خۆپیشاندان لە شاری ناسرییە ئەنجام دەدرێت کە تا ئێستا درێژەی ھەیە.
پێشتر کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق رایگەیاندبوو کە، لە خۆپیشاندانەکانی دوو رۆژی رابردووی شاری ناسرییە، دوو کەس کوژراون و ٤٣ کەسی دیکەش برینداربوون کە لەنێویاندا ژمارەیەک کارمەندی ئەمنی ھەن و ھەروەھا ٣٠ خۆپیشاندەریش دەستگیرکراون.
دوێنێ یەکشەممە ١٣ خۆپیشاندەری دەستگیرکراو ئازادکران، کە لەنێویاندا ئیسحان ھیلالی ھەبوو.
لەمبارەیەوە خۆپیشاندەرانی ناسرییە راگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە: "حکوومەتی عێراق، نەک ھەر پابەندی بەڵێنییەکانی نەبووە سەبارەت بە بەدیھێنانی سەقامگیری لە ناسرییە، بەڵکو رەوشەکەی دژبە دانیشتوانی ناسرییە خراپ کردووە کە لە بەرژەوەندی گەندەڵکاران دایە".
خۆپیشاندەرانی ناسرییە لە راگەیاندراوەکەیاندا جەختیان کردووەتە لەسەر ئەوەی ئەگەر دەسەڵاتدارانی عێراق، خۆپیشاندەره دەستگیرکراوەکان ئازادنەکەن و ھەڵمەتەکانی راوەدوونانی چالاکوانانی خۆپیشاندانەکان رانەگرن، ئەوا خۆپیشاندانەکانمان بەجۆرێک فراوانتر دەکەین، کە پێشتر نەکراوە.
No comments:
Post a Comment