پرس میدیا
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، رەزامەندی نیشاندا لەسەر بەپەلە بەکارهێنانی ئەو ڤاکسینەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە کۆمپانیای فایزەر-بایۆنتێک بەرهەمیانهێناوە.
لە ساڵیادی ئاگادارکردنەوەی رێکخراوی تەندروستیی جیهاندیدا لەبارەی دۆزینەوەی نەخۆشییەک لە شاری وهانی چین کە سەرچاوەکەی دیارنییە و دەبێتە هۆی هەناسە تەنگی، رێکخراوەکە بەیاننامەیەکی گرنگیی بڵاوکردەوە.
لەو بەیاننامەی رێکخراوەکەدا کە چەند کاتژمێرێک پێش تەواوبوونی ساڵی ٢٠٢٠ بڵاویکردەوە، باس لەوە کراوە کە رەزامەندی نیشانداوە لەسەر بە پەلە بەکارهێنانی پێکوتەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ کە کۆمپانیای بایۆتێکنۆلۆجی لە ئەڵمانیا بایۆنتێک لەگەڵ کۆمپانیای دەرمانی ئەمریکی فایزەر پەرەیان پێداوە.
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، د. ماریانجێلا سیماۆ، سەبارەت بە بەیاننامەکە رایگەیاند: ''ئەو هەنگاوێکی زۆر ئەرێنییە بۆ دەستەبەرکردنی گەیشتنی جیهانی بە پێکوتەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ''.
سیامۆ جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویست بە هەوڵێکی جیهانیی گەورە هەیە بۆ دابەشکردنی پێکوتەکان بەسەر هەموو ئەو وڵاتانەی لە جیهاندا پێویستیان پێیەتی.
سیماۆ رایگەیاند: ''رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و هاوبەشەکانی شەو و رۆژ کار دەکەن بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو پێکوتەکانی دیکە کە گەیشتوونەتە ستاندارتەکانی سەلامەتیی و چالاکیی. جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە بۆ کۆتاییهێنان بە پەتاکە گرنگە هەموو وڵاتان دەستەبەری پێکوتەی کاریگەر بکەن.
فایزەر و بایۆنتێک لەگەڵ هەریەک لە ئەمریکا، یەکێتیی ئەورووپا، بەریتانیا، کەنەدا و ژاپۆن رێککەوتنی واژووکردووە بۆ دابینکردنی پێکەتەکە.
لە کاتێکدا حکوومەتی ئەمریکا بەڵێنی پێدانی ١،٩٥ میار دۆلاری داوە بۆ کڕینی ١٠٠ ملیۆن دۆزی پێکوتە لە ئەگەری سەرکەوتنی پێکوتەکەدا، یەکێتیی ئەورووپا رێکەوتننامەی پێشوەختەی کردووە بۆ کڕینی ٣٠٠ ملیۆن دۆز، بەریتانیا ٤٠ ملیۆن دۆز، کەنەدا ٢٠ ملیۆن دۆز و ژاپۆن ١٢٠ ملیۆن دۆز.
کۆمپانیاکەش پلانی وایە تا کۆتایی ٢٠٢١ نزیکەی ١،٣ ملیار دۆز بەرهەمبهێنێت.
No comments:
Post a Comment