پرس میدیا
سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، رایگەیاند، تەنھا لە خوای گەورە دەترسێت و لە ھیچ کەس و لایهنێكی دیکە ناترسێت.
فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی سەردانی شاری کەرکووکی کرد و لە میانی سهردانهكهدا لە رێورەسمی یەکەمین ساڵیادی کوژرانی جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو مەھدی موھەندیس و فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، قاسم سولەیمانی کرد کە لە سەنتەری رۆشنبیری کەرکووک بەڕێوەچوو.
لە رێورەسمەکەدا فەیاز وتارێکی پێشکەشكرد و تیایدا ھەڵوێستی خۆی نیشاندا سەبارەت بەو سزایەی کە لە لایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە بەسەریدا سهپێنراوه و ئاشكرایكرد، ناکەونە ژێرباری ھیچ بڕیارێکی ئەمریکاوە، گرنگیشی پێ نادەن و رایگهیاند:" تەنھا لە خوای گەورە دەترسم و لە ھیچ کەس و لایەنی دیکە ناترسم".
سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی وتی ھێزی پێشمەرگە لەگەڵ سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بەشداریی لە کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی عێراق کردووە و رایگهیاند: "چەکی پێشمەرگە و چەکی حەشدی شەعبی بۆ رووبەڕووبوونەوەی یەکتر نییە، بەڵکو بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرە".
سەبارەت بە شاری کەرکووکیش، فالح فەیاز تیشكی خستهسهر ئهوهی، کە شاری کەرکووک شارێکی گرنگی عێراقە و رایگهیاند: "شاری کەرکووک، عێراقێکی بچووکە و ھەموو پێکھاتەکان بە ئاشتی تیایدا دەژین".
لهبارهی رێککەوتنی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقیش، فالح فهیاز رایگهیاند:"دەبێت رێککەوتنی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق، رێککەوتنێکی ئاشکرا و روون بێت".
رۆژی ھەینی رابردوو وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، فالح فەیاز بەھۆی تێوەگلانی لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، سەپاند.
No comments:
Post a Comment