بۆ لەمەودوا باج لە کۆمپانیاکانی نەوت و ئینتەرنێت و گەیاندن وەردەگیرێت - پرس میدیا

إعلان فوق المشاركات

بۆ لەمەودوا باج لە کۆمپانیاکانی نەوت و ئینتەرنێت و گەیاندن وەردەگیرێت

بۆ لەمەودوا باج لە کۆمپانیاکانی نەوت و ئینتەرنێت و گەیاندن وەردەگیرێت

پرس میدیا
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیدا ژمارەیەک بڕیار و رێکاری نوێی پەیوەست بە وەرگرتنی باج لە کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستاندا دەرکرد کە دەبێت لە ماوەی ٦٠ رۆژدا سەرجەم ئەو لایەنانەی بڕیارەکان دەیانگرێتەوە پابەندبکرێن و بڕیاری وەرگرتنی باجیان لەسەر جێبەجێبکرێت.

بەرێوەبەری گشتی باجەکان و خانووبەرەی میری لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، کەمال تەیب لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە خەمخۆری بۆ هاووڵاتیيانی خۆی و بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کە بەڵێنێکە بە خەڵکی کوردستانی داوە و، بۆ فەراهەمکردنی دادگەریی کۆمەڵایەتی و دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان کە لە ئەولەویەتی کارەکانی حکوومەتدایە، ژمارەیەک بڕیاری گرنگ دراوە لە رێکخستنەوەی داهاتەکانی ناوخۆ، لەنێویشیاندا بەدیاریکراوی رێکخستنەوەی داهاتەکانی باج لە هەرێمی کوردستاندا".

ناوبراو راشیگەیاند: "یەکێک لە بڕیارە هەرە باشەکان سەپاندنی باجە لەسەر کۆمپانیاکانی گەیاندن بەتایبەت کۆمپانیاکانی کۆڕەک تیلیکۆم، ئاسیاسێڵ و زەین لەو بەشداربووانەیان کە لە هەرێمی کوردستاندان باج دەدەن، بەهیچ جۆرێک یاسایی و رەوا نییە هاووڵاتییەکی کوردستان رێژەی لەسەدا ٢٠ باجی فرۆشتن دەدات کەچی ئەو باجە بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق دەڕوات، لەکاتێکدا حکوومەتی عێراقی لەساڵی ٢٠١٤ەوە بوودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی بڕیووە بەکۆمەڵێک بیانووی جیاواز کە بڕەکەی زیاترە لە ٦٠ ملیار دۆلار، رەوا نییە داهاتی باجی هەرێمی کوردستانیش بۆ ناوچەکانی عێراق بچێت، بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا ئەو باجانە کە مانگانە ملیارەها دینارە بۆ خەزێنەی حکوومەت لە هەرێم بگەڕێندرێتەوە".

بەرێوەبەری گشتی باجەکان لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان له‌میانی كۆنگره‌ رۆژانامه‌وانییه‌كه‌دا راشیگەیاند: "بڕیاری دووەم سەپاندنی باجە لەسەر کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت هاوشێوەی بەغدا، ئەو باجە لەناوچەکانی دیکەی عێراق کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت دەیدەن بە حکوومەتی فیدراڵی بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئەو باجە نەدەدرا بە حکوومەت و گەنجینەی گشتی لە هەرێمی کوردستان، بۆیە وەزارەتی دارایی بەپێویستی زانی کە ئەو داهاتە بگەڕێتەوە و کۆمپانیاکانی گەیاندن رێکاری پێویست بگرنەبەر و بەزووترین کات ئەو داهاتە بگێڕنەوە بۆ گەنجینەی وەزارەتی دارایی".

دەربارەی کۆمپانیاکانی بواری نەوتیش کەمال تەیب رایگەیاند: "وەرگرتنی باج لە سێکتەری نەوت کە خواستێکی رەوای هاووڵاتیيانی هەرێمی کوردستانە کە پیشتر وەرگرتنی باج لە کۆمپانیاکانی نەوت، سکیوریتی، خزمەتگوزارییەکانی نەوت و بوارەکانی وردبینی و ژمێریاری وەرنەدەگیرا و هەموویان لەمەودوا پابەند دەکرێن بۆئەوەی باجی شایستە بدەن بە هەرێمی کوردستان، لەبەر ئەوەی زۆرینەی ئەو گرێبەستانەی كه‌ پیشترکراوە و هەرێمی کوردستان کردوویەتی بەبیانووی جیاجیا کۆمپانیاکان ئەو باجەیان نەداوە یان کەمتەرخەمی و خۆدزینەوەیەکی بەرچاوهەبووە، بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی هەوڵدەدات بەزووترین کات و لەماوەیەکی دیاریکراودا ئەو باجانە وەربگیرێت".

بەرێوەبەری گشتی باجەکان و خانووبەرەی میری لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند: "لەمەودوا کارمەندانی بیانی بواری نەوتیش کە لەهەرێمی کوردستان کاردەکەن دەبێت باج بدەنە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشتر بەبیانووی ئەوەی ئەو کارمەندانە لە وڵاتەکانی خۆیان باج دەدەن لە کوردستان باجیان لێ وەرنەدەگیرا بەڵام لەمەودوا دەبێت باج لێرە بدەن چونکە ئەو داهاتەیان لە هەرێمی کوردستاندا دەستدەکەوێت".

دەربارەی لێخۆشبوونە گومرگییەکانیش کە لەخاڵە سنوورییەکان جێبەجێ دەکرا کەمال تەیب رایگەیاند: "ئەو بابەتە زۆر دیاریکراو و پەیوەست دەکرێت كه‌ بۆ حاڵەتی زۆر زۆر پێویست نەبێت لێخۆشبوونی گومرگی بە کەس نادرێت".

ناوبراو راشیگەیاند: "هەموو ئەم رێکار و هەوڵانەی دراون بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران، بۆئەوەیە کە خەڵکی دەوڵەمەند و کۆمپانیا گەورەکان بەپێی یاسای ئەو باجەی لەسەریان دانراوە دەبێت بیدەن، وە هیچ کەس و لایەنێک ئینجا کەسی مەعنەوی بێت یان ئاسایی لەم بڕیارانەدا پارێزبەندی نییە و هەموو کەسێک بەپێی یاسا و رێنماییە کارپێکراوەکان پێویستە باج بدات".

بەرێوەبەری گشتی باجەکان لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئه‌وه‌یشی خسته‌ڕوو كه‌، "باج دەخرێتە سەر ئۆتۆمبێلی تایبەتی مۆدێل بەرزی گرانبەها، بۆئەمەش رێنماییەک دەردەچێت لەنێوان وەزارەتی دارایی و وەزارەتی ناوخۆ بۆئەوەی باج بخرێتە سەر ئەو ئۆتۆمبێلانه‌، ئەم بڕیارەش بۆ خەڵکی ئاسایی و هەژار نییە و بۆ خەڵکی دەوڵەمەندە ئەوانەی کە ئۆتۆمبێلی گرانبەهایان هەیە".

بەپێی نوسراوێکی فەرمی ئەنجوومەنی وەزیران بە ژمارە ٩٦ کە لە رۆژی ١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ فەرمانی سەرۆکایەتی حکوومەتی پێدەرچووە و واژووی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران مەسرور بارزانی لەسەرە فەرمانی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە دراوە و تیایدا هاتووە: "دیاریکردنی ماوەی تەنیا ٦٠ رۆژ بۆ ئەنجامدانی کاری پێویست تایبەت بە بڕیارەکانی سەرەوە و دواتر راستەوخۆ بنەما و میکانیزمەکان جێبەجێدەکرێن کە دیاری دەکرێن بەپێی ناوەرۆکی ئەم فەرمانە".

No comments:

Post a Comment

بابەتی پەیوەندی دار

إعلان اسفل المشاركات

ماڵپەڕی پرس میدیا

بەشە سەرەکیەکان

دواین هەواڵ

Contact Form

Name

Email *

Message *

پرس میدیا - Prs Media

پرس ، دامە زراوەیەکی میدیایی پیشەیی ئازادە دەبێتە بڵند گۆ و ئاوێنەی دەنگ و ڕەنگە جیاوازە نەبیستراو و نەبینراوەکان کلتور و فەرهەنگ و هــونــەری نــیـشـتـمـانیـی دەپـارێـزێـت و خـــەمـــی هـەمـیـشەی چەسپاندنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیان دەبێت ، پرس میدیا مەبەستیەتی نـەوەی ئـێسـتـاو داهـاتـوی نـیـشـتـمان بە ئاگابێت لـەسـەرجــەم پـرس و پـێشهاتەکانی دەوروبەری دەیەوێت بەزمانێکی بابەتیانە ئەو نەوەیە بدوێنێت

2019 - PRSMEDIA.NET / ALL RIGHT RESERVED ©