پرس میدیا
سوپای عێراق رایگەیاند کە چوار چەکداری داعشی لە پارێزگای دیالە رۆژھەڵاتی عێراق، دەستگیرکردووە کە یەکێکیان خۆکوژبووە و پلانی دانابوو، خۆی لە بەغدای پایتەخت بتەقێنێتەوە.
لیوا یەحیا رەسول وتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە ھێزەکانی ئاسایشی نیشتمانیی، شانەیەکی چەکدارییان لە پارێزگای دیالە ھەڵوەشاندووەتەوە و بەرپرس و ئەندامانی شانەکە کە چوار کەس بوون، دەستگیرکراون.
بەپێی راگەیەنراوەکە یەکێک لە ئەندامانی شانە چەکدارییەکە، خۆکوژبووە کە پلانی دانابوو، خۆی لە بەغدا پایتەخت بتەقێنێتەوە، بێ ئەوەی زانیاری زیاتر لەوبارەوە بخرێتەڕوو.
ئاماژە بەوەشدراوە کە دەستگیرکراوەکان لە میانی وەرگرتنی وتەکانیان، دانیان بەوەداناوە کە فەرمانیان پێکرابوو ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق بەتایبەتیش بەغدای پایتەخت، بشڵەژێنن.
لە کۆتایی راگەیەنراوەکە ئەوە خراوەتەڕوو کە دەستگیرکراوەکان رەوانەی لایەنی دادوەریی کراون بۆ ئەوەی رێوشوێنی یاسایی لەبەرامبەریان بگیرێتەبەر.
No comments:
Post a comment