پرس میدیا
له ماوه‌ی یه‌ك ساڵی ڕابردوودا، هه‌موو بڕیار‌و ههوڵو به‌ڵێنه‌كان بۆ ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی گهندهڵیو ڕاگرتنی كۆمپانیاكاریو قاچاخچێتی شكستیان خواردووه، یان لانیكه‌م ده‌توانین بڵێین به‌رهه‌میان نه‌بووه‌و نه‌چوونه‌ته بواری جێ به‌جێكردنه‌وه، به‌ڵام پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه: بێجگه له‌و پاره‌و داهاته‌ی به‌هه‌ده‌ر دهدرێتو به‌ڕێگه‌ی جیاجیا ده‌چێته گیرفانی حزبه‌كانیانه‌وه، ئایا حكومه‌تی هه‌رێم له ئێسته‌دا پاره‌ی هه‌یه؟ ئه‌ی ئه‌گه‌ر هه‌یه‌تی بۆچی به‌لای كه‌مه‌وه مووچه ناخاته‌وه سه‌ر دۆخه یاساییه‌كه‌ی؟
زۆرجار سه‌رۆكی حكومهتو به‌رپرسانی تری حكومه‌ت، به‌مجۆره وه‌ڵامی هاووڵاتیانیان داوه‌ته‌وه: حكومه‌ت ئه‌گه‌ر پاره‌ی هه‌بێت خه‌رجی دهكاتو هیچ حكومه‌تێك نییه ئه‌گه‌ر بتوانێت مووچه‌ی کارمەندەکانی وه‌كخۆی دابه‌ش بكات، به‌ڵام نه‌یكات!
ئه‌م وه‌ڵامه‌ی سه‌رۆكی حكومهتو جێگر‌و وه‌زیره‌كانی تا ئه‌و كاته‌ی نه‌وت له خوار 30 دۆلاره‌وه ده‌فرۆشرا، و داهاتی باج سنوردار‌و داهاته‌كانی تر كه‌مبوون، تا ڕاددهیهكو له دۆخێكی پڕ له گومان‌و دوو دڵی‌و ناڕوونیدا له‌لایه‌ن هێندێك له هاووڵاتیانه‌وه وه‌ك پاساوێك وه‌رده‌گیرا، به‌ڵام له ئێسته‌دا كه نه‌وت له كۆتایی ساڵی ڕابردووه‌وه نرخه‌كه‌ی گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ پێش كۆرۆناو حكومه‌تی هه‌رێم به‌لای كه‌مه‌وه له سه‌رو په‌نجا دۆلاره‌وه نه‌وت ده‌فرۆشێت، ئه‌وه ئیتر ئه‌و پاساوه به‌هاكه‌ی نزیكه له (هیچ)ه‌وه، ئه‌ی كه‌واته حكومه‌ت ئه‌و پارانه‌ی چی لێده‌كات؟
پاش ماوه‌یه‌كی تر هه‌ڵبژاردنێكی پێشوه‌خته له عێراق ئه‌نجام ده‌درێت، ئه‌گه‌ر هێزه‌كانی ده‌سه‌ڵات به‌م حاڵه‌ی ئێسته‌وه كه نه‌وه‌ك هه‌لی كاریان نهڕهخساندووهو دۆخ‌و باری ئابوری كوردستانیان باش نه‌كردووه و پاشه‌كه‌وتی مووچەیان نه‌گه‌ڕاندووه‌ته‌وه وه‌ك به‌ڵێنیان دابوو!، به‌ڵكو هه‌ر مووچه‌خۆرێك (به دایكی شه‌هیدانیشه‌وه) له ساڵی 2020 ته‌نها یه‌ك له‌سه‌ر چواری سه‌رجه‌می ئه‌و پاره‌یه‌ی وه‌رگرتووه كه به پێی یاسا ده‌بوو وه‌ریبگرێت، بۆیه نایانه‌وێت به دۆخێكی له‌مجۆره‌وه کە شکستی ئابوری و دارایی و سیاسییە بچنه هه‌ڵبژاردنه‌وه.
پیلانهكهشیان (نه‌وه‌ك پلان) ئه‌وه‌یه كه ئه‌و پارانه‌ی كه به‌هۆی زیادبوونی داهاتو دابه‌شنه‌كردن و لێبڕینی مووچەوە بە نایاسایی ماوه‌ته‌وه، له چه‌ند مانگی پێش هه‌ڵبژاردندا بۆ ڕیكلامی هه‌ڵبژاردن به‌كاریبهێنن، واته ئه‌و پاره‌یه‌ی به نایاساییانه له منداڵی مووچه‌خۆریان گرتووه‌ته‌وه بۆ چه‌واشه‌كردنی خه‌ڵك بهكاریبێننو هێندێك پڕۆژه‌ی پێ به‌گه‌ڕ بخه‌نه‌وه به‌تایبه‌ت ئه‌و كار‌و پڕۆژانه‌ی كه به‌رچاون، تا به خه‌ڵك بڵێن: ئه‌ها كابینه‌كه‌مان كار ده‌كات بۆ كوردستانێكی به‌هێز!
سه‌باره‌ت به زۆری‌و كه‌می ئه‌و پارانه‌ش، به پێی خه‌مڵاندنی من به‌لای كه‌مه‌وه له‌سه‌ره‌تای ساڵی 2020ه‌وه هه‌ر مانگێك نزیكه‌ی 300 ملیار دیناره، كه ده‌كرا به‌هۆیه‌وه مووچه به‌بێ لێبڕین دابه‌ش بكرێت، ته‌نها بۆ سێ مانگیش بڕه‌كه ده‌كاته 900 ملیار!، به‌و 900 ملیاره‌ش ده‌توانرێت به‌لای كه‌مه‌وه 90 پڕۆژه‌ی 10 ملیار دیناری پێ وه‌گه‌ڕ بخرێتەوە، كه هه‌ر 10 ملیار له توانایدا هه‌یه سێ قوتابخانه‌ی 18 پۆلی به هه‌موو تایبهتمهندیو مواسهفاتهكانیهوه پێ دروست بكرێت!، لە کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممە، 23ی 2ی 2021 یشیدا، حکومەت بڕی 349 ملیار دیناری لەو پارەیە تەرخانکرد بۆ پڕۆژەکانی پارێزگاکان.
ئەوەی هەر کەسێک چاوەڕێی دەکات لە حکومەت ڕاستگۆییە لە ڕێگەی شەفافییەتەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە حکومەتی هەرێم خاوەنی ئەم خەسڵەتە نییە، ئەگەر بەرپرسانی حکومەت گومانیان لەم زانیاریی و بۆچوونانەی ئێمە هەیە ئەوە با ئەوان ڕاستییەکان بە خەڵک بڵێن و ئەوە بۆ هاووڵاتیان ڕوون بکەنەوە کە چۆن حکومەت نەوت بە پێنج دۆلار بفرۆشێت لەگەڵ پەنجاو پێنج دۆلار جیاوازی نییە؟
عومەر گوڵپی
No comments:
Post a comment