کەرکوک لەبەردەم شەپۆلێکی نوێی تەعریبدا - پرس میدیا

إعلان فوق المشاركات

کەرکوک لەبەردەم شەپۆلێکی نوێی تەعریبدا

کەرکوک لەبەردەم شەپۆلێکی نوێی تەعریبدا


پرس میدیا

ھاوڕێ یاسین

لای ھەموان رونە یەکێتی و پارتی لە ٢٠٠٣ ەوە تا روداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر خاوەنی دەستەڵاتی رەھا بوون، پارێزگار و قائیم قام و پۆلیس و زۆرینەی زۆری پۆستە ئیداریەکانیان لابوو، چیان بویستایە دەیانکرد، خێر و بێری کەرکوکیان لەدەست بوو، لەبری خزمەت و پرۆژە خەریکی تاڵانکاری و کێبڕکێی حزبی و ململانێی یەکتربوون.

ململانێیان بە جۆرێک بوو ئەم دوو ھێزە دەزگای ئاسایشی حزبی خۆیان ھەبوو، پەروەردەو قوتابخانەو تەنانەت یانە وەرزشیەکانیشیان لەدابەش کردبوو.

نمونەیەکی حکومڕانی ئەوەندە ناشرینیان پیشاندا کە نەک لای عەرەب و تورکمان بەڵکو لای کوردیش بێزراو بوون، ھەرگیز کەرکوکیەکان ئەو رۆژانە لەیاد ناکەن.

کەمترین ھەوڵیان بۆ جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ و مافە دەستوریەکانی کورد بوو.

دوای ریفراندۆم و روداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر ئەم ھاوکێشەیە ھەڵگەڕایەوە.

پارێزگار و قائیمقام و زۆربەی پۆستەکانیان لێ وەرگیرایەوە.

پارتی رایکرد و تا ئێستاش بەرژوەندی سیاسی لەوەدایە نەگەڕێتەوە، پارتی پارێزگارێکی عەرەبی پی باشترە لە یەکێتی، یەکێتییش بە شەرمنانە و بێ دەستەڵاتی ماوەتەوە.

بارودۆخی کەرکوک بەجۆرێکە ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان قەدەغەیە و تەنانەت لە بۆنەکانیشدا رێگەپێدراو نیە.

وەک لە رۆژانی نەورۆزدا بینیمان چۆن یەکێتی بە شەرمنانە ئاھەنگی نەورۆزی بردە تەقتەق و لەوێ ئاڵای کوردستانی ھەڵکرد چونکە پارێزگاری سەپێنراو رێگەی پێ نەدان لەناو کەرکوک ئەنجامی بدەن، لە کاتێکدا پێشتر لەسەر قەڵای کەرکوک و چەندین شوێنی تر ئاھەنگیان دەگێڕا.

بارودۆخی کەرکوک لە دوای روداوەکانی ۱٦ ئۆکتۆبەرەوە رۆژ بە رۆژ مەترسیدار تر دەبێت، لە واقعدا حەشدی شەعبی و گروپە جیاوازەکانی باڵادەستن، ئەم گروپانە بە بەرنامە شارەکەیان کۆنتڕۆڵکردوە لەروی کارگێڕی و ئەمنیەوە.

زۆرینەی پۆستە ئیداریەکان لە کورد وەرگیراونەتەوە و لەبریان عەرەب و تورکمان دانراون، ئەم گۆرانکاریانە لە ھەموو ئاستەکان بەردەوامە و چاویان لەتەواوی پۆستە ئیداریەکانە، بەجۆرێک لە فەرمانگەکاندا ئەگەر بەرپرسی ژوورێکیش خانەشین بێت یەکسەر عەرەبێک بۆ جێگەی دانراوە!

ئەمەش وای کردوە کەرکوکی بکەوێتەوە بەردەم مەترسی و هەڕەشەی تەعریب و گۆڕینی دیمۆگرافیایەوە.

ئەوەی بەعسیەکان بە چەند دەیەیەک بەتەواوی بۆیان نەچوە سەر ئێستا گروپە میلشیاییەکان بە ھاوکاری پارێزگاری بەزۆر سەپێنراوی شارەکە دەیانەوێت بە چەند ساڵێکی کەم ئەنجامی بدەن.

ئەگەر لەسەردەمی بەعسدا پاڵنەری تەعریب بیری رەگەز پەرستی و ناسیۆنالستی عەرەبی بوبێت، لە ئێستادا جگە لەوە مەترسی تەشەیوع و شەڕی مەزھەبیشی ھاتۆتە ناو.

پلانی تەعریب و گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکە بە بەرنامەیەکی ورد و بەبێ دەنگی دەکرێت، دۆخی شڵەژاوی عێڕاق و لاوازی ھەرێمیان قۆستۆتەوە بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکانیان.

بۆ نمونە لەم چەند ساڵەی رابردوودا بەناوی جیاجیا ھەزاران کەسیان لەباشور و ناوەڕاستی عێڕاقەوە هێناوەتە بۆ ناو شاری کەرکوک و نیشتەجێکردنیان لە شارەکەدا و گەڕاندنەوەیان بۆ سەر زەوی و موڵکی کورد.

لە داھاتوشدا ھەموو ئەو خەڵکانە بەشێوەی یاسایی لە تۆماری دەنگدەران تۆمار دەکەن و لە ھەڵبژاردنەکاندا دەنگ و ژمارەی خۆیانی پێ زیاد دەکەن.

ئەمە جگە لە گێچەڵ کردن بە جوتیارانی کورد لەتەواوی ناوچەکانی پارێزگاکە و ھەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی جوتیارە عەرەبەکان و فشارکردنە لە کورد بۆ بەجێھێشتنی ناوچەکە و زەوییەکانیان.

ئەوەی سەیرە یەکێتی و پارتی لەگەڵ سەرانی حەشد و شیعە ھاوپەیمانن لە حکومەتی ناوەندی، رۆژانە لەسەر بودجە و موچە وەفد و وەفدکاریانە، بەڵام دوای زیاتر لە سێ ساڵ نایانەوێت بچوکترین ھەوڵ و دانوستان بکەن بۆ ئاسایکردنەوەی بارودۆخی شارەکە کە لە ئێستادا بە قۆناغێکی تری تەعریبدا تێپەڕ دەبێت، کە پارێزگاری سەپێنراو پێشڕەوی دەکات و مەترسی گەورەیە لەسەر گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکە.

بێدەنگی یەکێتی و پارتی لە ئاستی باڵایاندا لەم بارودۆخە واتە رازیبوون بەوەی دەگوزەرێت!

لەبری ھەوڵدان بۆ چارەسەری دۆخی کەرکوک یەکێتی و پارتی لە ھەرێم سەرقاڵی قاچاخچێتی نەوت و جگەرەو دوگن، ئەوەی بەلایانەوە گرنگ نەبێت کەرکوک و کەرکوکیەکانە، ئەو قسەی سەرۆکی ھەرێمیش راست بوو کە ماوەیەک پێش ئێستا وتی کەرکوکی بوون سەختە، ئێ راست دەکات لە سایەی سیاسەتی چەوت و ھەڵەی چەندین ساڵەیانەوە کارێکیان کردوە کەرکوکی بوون سەخت بێت و دژوار بێت و

کوردستانی بوونی کەرکوکیش بەیەکجاری بکەوێتە مەترسیەوە.

No comments:

Post a comment

بابەتی پەیوەندی دار

إعلان اسفل المشاركات

ماڵپەڕی پرس میدیا

بەشە سەرەکیەکان

دواین هەواڵ

Contact form

Name

Email *

Message *

پرس میدیا - Prs Media

پرس ، دامە زراوەیەکی میدیایی پیشەیی ئازادە دەبێتە بڵند گۆ و ئاوێنەی دەنگ و ڕەنگە جیاوازە نەبیستراو و نەبینراوەکان کلتور و فەرهەنگ و هــونــەری نــیـشـتـمـانیـی دەپـارێـزێـت و خـــەمـــی هـەمـیـشەی چەسپاندنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیان دەبێت ، پرس میدیا مەبەستیەتی نـەوەی ئـێسـتـاو داهـاتـوی نـیـشـتـمان بە ئاگابێت لـەسـەرجــەم پـرس و پـێشهاتەکانی دەوروبەری دەیەوێت بەزمانێکی بابەتیانە ئەو نەوەیە بدوێنێت

2019 - PRSMEDIA.NET / ALL RIGHT RESERVED ©