ھەڵبژاردنەکانی عێڕاق لە ژێر سێبەری میلیشیاکان و غیابی دەوڵەتدا! - پرس میدیا

إعلان فوق المشاركات

ھەڵبژاردنەکانی عێڕاق لە ژێر سێبەری میلیشیاکان و غیابی دەوڵەتدا!

ھەڵبژاردنەکانی عێڕاق لە ژێر سێبەری میلیشیاکان و غیابی دەوڵەتدا!





ھەڵبژاردنەکانی عێڕاق لە ژێر سێبەری میلیشیاکان و غیابی دەوڵەتدا!

راپۆرت/ ھاوڕێ یاسین


 لە دوای روخانی رژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ وە ھەڵبژاردن لەعێڕاقدا بووە بە شتێکی رۆتینی و بەشێوەی خول و بەردەوام ئەنجام دەدرێت، ھەرچەندە ھەڵبژاردن بەمانای دیموکراسی نایەت، وە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن سیفەتی دیموکراسی بەھیچ وڵات و دەستەڵاتدارێک نابەخشێت، بە مانایەکی تر سیستەمی دیموکراسی تەنھا بەمانای ھەڵبژاردن نایەت وەک ئەوەی ئێستا لە عێڕاقدا بانگەشەی بۆ دەکرێت.

ھەڵبژاردن تەنھا بەیەکێک لە ئامرازەکانی سیستەمی دیموکراسی دادەنرێت لەپاڵ کۆمەڵی پایەی گرنگی تری وەک جیاکردنەوەی هەر سێ دەسەڵاتی یاسادانان ، جێبەجێکردن و دادوەری و حوکمی یاسا، ھەروەھا یەکسانی نێوان خەڵک بێ گوێدانە ڕەگەز و ئایین و مەزهەب و زمان، بە کۆی گشتی ئەمانە لەعێڕاقدا تەنھا بەشێوەی شکلی بوونی ھەیە و لەبەردەستدا نیە.

لەگەڵ ئەوەشدا ھیچ مەرجێکی پاک و بێگەردی لە پرۆسەی ھەڵبژاردنەکاندا نیە و سەرجەم ھەڵبژاردنەکانی پێشوو  بە فێڵ و دەنگ کڕین و قۆرغکردنی فەتواکان و دابەشکردنی کورسی و پۆست لەسەر بنەمای پشکی تائیفی بەڕێوەچووە.

بۆیە بەمەرج نییە هەڵبژاردنی خولی لە ھەر وڵاتێکدا بکرێت، مانای ئەوەبێت ئەو وڵاتە سیستمەکەی بۆتە دیموکراسی. لەئێستادا وا عێڕاق بەرەو ھەڵبژاردنی پێشووەختە دەچێت، کە بڕیارە لە ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت.


ھەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ؟

ھەر چەندە کاتی ئاسایی ھەڵبژاردنەکان ئایاری ٢٠٢٢ بوو، بەڵام لەسەر داوای خۆپیشاندەرانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ پێشخرا، کاتێک یەکێک لە داوا سەرەکیەکانیان بریتی بوو لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە، بۆیە دواجار حکومەت چووە ژێر فشاری خۆپیشاندەران و بڕیاریدا ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە حوزەیرانی ٢٠٢١ ئەنجام بدرێت و دواتر لەسەر داوای کۆمسیۆن و دواخرا بۆ ئۆکتۆبەری ٢٠٢١.

 ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشووەختە ئامانج لێی کپکردن و بێدەنگکردنی خۆپیشاندەرانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر بوو، کە چەندین داواکاری گەورە و گرنگیان ھەبوو  بۆ چاکسازی و گۆڕانکاری لەسەرجەم بوارەکاندا.

بەڵام لە کۆتایدا بە کۆمەڵێ بەڵێن و بڕیاری ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشووەخت خۆپیشاندەرانیان ناردە ماڵەوە.

لەکاتێکدا ئەنجامدانی پرۆسەی ھەڵبژاردن بەبێ چاکسازی لە کۆی پرۆسەکەو دورخستنەوەی گروپ و میلیشیا جۆراوجۆرەکان ھیچ کاریگەریەکی نابێت.

بۆیە چاودێران پێیان وایە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو هیچ پەیوەندییەکی بە دامەزراندنی سیستەمی دیموکراسی دوورخستنەوەی گەندەڵکاران و میلیشیا چەکدارەکانەوە نییە ، وەک ئەوەی مستەفا کازمی لە سەرەتاوە بانگەشەی بۆ دەکرد کە گوایە ئەم ھەڵبژاردنە ھەڵبژاردنێکی نیشتیمانی جیاوازدەبێت بۆ کۆتایھێنان بەو سیستەمەی ھەیەو دورخستنەوەی رۆڵی ئێران لەناوەندەکانی بڕیار و کۆتایی هێنان بە ڕۆڵی میلیشیا چەکدارەکان.


بێئومێدی و نائامادەیی  دەنگەر!

لە ئێستادا عێڕاق بە چەندین قەیرانی جۆراوجۆردان و بێبەشن لە سەرەتایترین خزمەتگوازاریەکانی وەک ئاو و کارەبا، جگە لەوەی وڵات بە قەیرانی گەورەی ئابوری و بوونی نەخۆشی کۆرۆنادا تێپەڕدەبێت.

ھەموو ئەو بارودۆخەکانە وایان کردوە دەنگدەری عێڕاقی ئامادەنەبێت بۆ چونکە نێو دەنگدان، ئەو ئامادەنەبونەی دەنگەدەریش بە دوو ھۆکارە، ھۆکارێکیان بوونی ئەو ھەموو قەیرانەیە کە لەوڵاتدا ھەیە، ھۆکاری دووەمیش سیاسەتی بەشێک لە حزبە گەورەکانە بۆ بێئومێد کردن خەڵکی لە چونە نێو دەنگدان و مانەوەی خۆیان لە کورسی دستەڵات، بۆ نمونە لە ھەڵبژاردنەکانەکانی ساڵی ٢٠١٨ زۆرینەی دەنگە ناڕازیەکان بایکۆتی ھەڵبژاردنەکانیان کرد، چونکە چوبونە ژێر کاریگەری ئەو ھەڵمەتە راگەیاندنەی کە چەند مانگێک پێش ھەڵبژاردن بەڕێوەچوو کە ھەڵبژاردن ھیچ گۆڕانکاریەک دروست ناکات، لەھەمان کاتدا بە بەخشینەوەی پارەو دەمانچەو ئیمتیازاتی جۆراوجۆر و تەزویر دەنگدەری خۆیان ناردە سەر سندوقی دەنگدان و سەرکەوتنیان تۆمار کرد.

لە ئێستاشدا ھەمان سیناریۆ پەیڕەو دەکرێت، وەک لە لێدوانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکاندا بەرونی دەردەکەوێت کە رایانگەیاند کە تەنھا لە ٪‏٣٠ خەڵکی کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتوە. ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە عێڕاقیەکان ئامادەنین بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان.


بەھێزی میلیشیاکان!

لە ئێستادا گروپە میلیشیاییەکانی حەشدی شەعبی لە روی سیاسی و ئابوریەوە بەھێزن و لەزۆربەی ئاستەکاندا لە سەرو دەوڵەتەوەن، بۆ نمونە ماوەکانی پێشوو ھێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ قاسم موصڵی فەرماندەی گشتی ھێزەکانی حەشدی شەعبی بە تۆمەتی کوشتنی چالاکوانان و بەھەردانی سامانی گشتی دەستگیرکرد، بەڵام پاش چەند کاتژمێرێک ھێزەکانی حەشدی شەعبی بەچەکی قورس و سوکەوە رژانە سەر شەقامەکانی بەغداد و دەرگا سەرەکیەکانی ناوچەی سەوزیان گرت و ئابڵوقەی ئەنجومەنی وەزیران و ماڵی سەرۆک وەزیران دا، بۆیە لە ژێر فشاری ئەو گروپانەدا پاش ماوەیەک ئازاد کرا، ئەم روداوە دەرخەری ئەوەیە کە فەرماندەو سەرکردەکانی حەشدی شەعبی لە سەرو یاساو دادگاوەن و پارێزبەندیان ھەیە و سەڕەڕای ئەنجامدانی تاوانی جۆراوجۆر ناچنە ژێر بار ھیچ یاساو رێسایەکەوە.

ھەرچەندە عێڕاق بە قەیرانێکی قوڵی دارایدا تیپەڕ دەبێت بەڵام لە بودجەی گشتی ٢٠٢١ پشکی گەورە بەر ھێزە ئەمنیەکان و لەنێویاندا بەر دەستەی گشتی حەشدی شەعبی کەوتوە.

ئەم زیادبوونی داھاتە وا لە گروپەکانی حەشدی شەعبی و حزبە پەیوەندیدارەکان بەو گروپانەوە دەکات رۆڵی چالاک و کاریگەر ببینن لە سەر پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان.

جگە لە بودجەی گشتی ئەم گروپانە خاوەنی سەرچاوەی دارایی ترن لەوانە زۆربەی خاڵە سنوریەکانی باشوری عێڕاقیان بە دەستەوەیە، ھەروەھا لە ناوچە وێرانکراوەکانی دوای شەڕی داعشدا سەرقاڵی کاری بەڵێندەرایەتین و ھەزاران لایەنگری خۆیان خستۆتە سەرکار.

بەھێزی لایەنی ئابوری ئەو گروپانە کاریگەری راستەوخۆ دەکاتە سەر ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان ھەم لەروی ترسان و تۆقاندنی نەیارەکانیان، ھەم لەروی کڕینی دەنگ و قۆستنەوەی بێکاری گەنجان و دامەزراندنیان وەک چەکدار.

چونکە زۆرینەی خۆپیشاندەرانی خۆپیشاندانەکانی ٢٠١٩ لە چینی گەنجان بوون و داواکاری سەرەکیان دامەزراندن و ھەلی کاربوو، بۆیە دەبنە نێچیرێکی ئاسانی ئەو گروپانە کاتێک بەڵێنی دامەزراندن و ھەلی کاریان پێدەرێت لەریزی ئەو گروپانە.


بەشداری ھێزە ئەمنیەکان

ژمارەی ھێزە ئەمنیە فەڕمیەکان بە نزیکی ملیۆنێک و دووسەدو پەنجا ھەزار کەس ھەژمار دەکرێن، ئەمانە پێک دێن لە ھێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری و دژە تیرۆر و دەستەی حەشدی شەعبی.

ئەم ھێزانە لە ھەموو ھەڵبژاردنەکاندا بەشداری چالاکیان ھەیە، بە جۆرێک لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨ لە کۆی ٩٤٣ ھەزار کەس ٧٠٠ ھەزاریان بەشداریان کردبوو لە دەنگداندا.

بەشداری فراوانی ھێزە ئەمنیەکان بەم جۆرەی ئێستا کار دەکاتە سەر پاک و بێگەردی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان، چونکە زۆرینەی ئەو ھێزانە ھێزی نیشتیمانی نین، ئەو ھێزانە لەلایەن حزب و گروپ و تاقمی جۆراوجۆرە خاوەنداری دەکرێن، تەنانەت جوڵەو چالاکیشیان لە دەرەوەی دەستەڵاتی حکومەتە.

ئەو ھێز و لایەنانە بەردەوام دەنگی ھێزە ئەمنیەکان دەخەنە بەرژوەندی خۆیانەوە و ھەندێ جار زیاد لە دەنگێکیان پێ دەدەن، جگە لەوەی لە ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکاندا بەجۆرەھا شێوەی نایاسایی بەکاریان دێنن.


دەرئەنجام

ھەر چەندە بڕیارە ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە مانگی ئۆکتۆبەردا ئەنجام بدرێت و لایەنەکان رەتی دەکەنەوە و جارێکی دوابخرێت،بەڵام  ژینگەی سیاسی و ئابوری و ئەمنی عێڕاق لەبار نیە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کە گوازرشتی راستەقینە بکات لە رای شەقامی عێڕاق.

ھەروەھا تا ئێستا زەمینەسازیەکی وا نەکراوە کە ھەڵبژاردنی ئەمجارە دووربێت لە تەزویر و ساختەکاری، پاشان رێگری نەکراوە لە بەشداری گروپە میلیشیاییەکان و جارێکی تر ھێزە میلیشیاییەکان لەرێگەی ھەندێ حزب و ھاوپەیمانیەوە ھاوشێوەی ھەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨ بەشداری لە پرۆسەی سیاسی دەکەن.

بۆیە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ دا بەبێ ئامادەکاری و ھەنگاوی گرنگی وەک پێداچونەوە بەلیستی دەنگدەران، دورخستنەوەی ھێزە چەکدارەکان، بەکارنەھێنانی سامانی گشتی وڵات، رەخساندنی ھەلی یەکسان بۆ ھەموو لایەنەکان، چاودێریەکی بەھێزی ناوخۆی و دەرەکی، سەربەخۆیی دادگاکان بۆ پێداچونەوە بە تانەکان ھیچ بەھایەکی نیەو ھەمان کۆپی ھەڵبژاردنەکانی تر دەبێت و ھیچ گۆڕانکاریەک لە پرۆسەی سیاسی رونادات، وە ئەنجامدانی ئەو ئامادەکاریانە ئیرادەیەکی سیاسی بەھێزی دەوێت، وە ئێستا ئەو ئیرادەیە لاوازە!

چونکە روداوەکانی پاش دەستگیرکردنی قاسم موصڵیح ئەوەی دەرخست کە حکومەت تەنھا تەماشاکەری بارودۆخەکەیەو لەسەر ئەرزی واقع حزب و گروپ و میلیشیاکان قسەی سەرەتا و کۆتایی دەکەن.




 

No comments:

Post a Comment

بابەتی پەیوەندی دار

إعلان اسفل المشاركات

ماڵپەڕی پرس میدیا

بەشە سەرەکیەکان

دواین هەواڵ

Contact Form

Name

Email *

Message *

پرس میدیا - Prs Media

پرس ، دامە زراوەیەکی میدیایی پیشەیی ئازادە دەبێتە بڵند گۆ و ئاوێنەی دەنگ و ڕەنگە جیاوازە نەبیستراو و نەبینراوەکان کلتور و فەرهەنگ و هــونــەری نــیـشـتـمـانیـی دەپـارێـزێـت و خـــەمـــی هـەمـیـشەی چەسپاندنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیان دەبێت ، پرس میدیا مەبەستیەتی نـەوەی ئـێسـتـاو داهـاتـوی نـیـشـتـمان بە ئاگابێت لـەسـەرجــەم پـرس و پـێشهاتەکانی دەوروبەری دەیەوێت بەزمانێکی بابەتیانە ئەو نەوەیە بدوێنێت

2019 - PRSMEDIA.NET / ALL RIGHT RESERVED ©